ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە، "دەستکەوتێکی مێژوویی" دەبێت و لەبارەی ئەگەری تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمیشەوە لەلایەن واشنتۆنەوە هۆشداریدا کە ئەوانیش ئامادەی هەمان کارن.

ئەمڕۆ هەینی ، سەرۆکی روسیا رایگەیاند؛ مۆسکۆ پشتیوانی لە هەوڵەکانی ترەمپ دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و جەختیشی لەوە کردەوە کە بەشداریی روسیا لە پڕۆسەی ئاشتیدا، رەنگە پێویست بێت بە لەبەرچاوگرتنی  ئەو پەیوەندیەیی هەیانە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتیش فەلەستین.

لەبارەی ئەنجامەکانی رێککەوتنەکەشەوە پوتن دەڵێت؛ گرنگترین پرس کە پێویستە جێبەجێبکرێت دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینە.

پوتن سەبارەت بە پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە کەسێکی تر جگە لە ترەمپ، رایگەیاند؛ ترەمپ کاری زۆری بۆ ئاشتی کرد، ئاگربەستی غەززەی وەک نموونەیەکیش هێنایەوە،  دەشڵێت؛ ئەو ناتوانێت بڕیاربدات کە کێ شایەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە.

لەبارەی گرژییەکانیشەوە سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەکردوە؛ وڵاتەکەی بەرگری ئاسمانی خۆی بەهێزتر دەکات ئەگەر ترەمپ رازی بێت بە دابینکردنی مووشەکی تۆماهۆک بۆ ئۆکرانیا.

پوتن نەیشاردەوە کە وڵاتەکەی لەگەڵ زلهێزە گەورەکانی جیهان لە نێویاندا ئەمریکا لە پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمیدایە و لە ئەگەری تاقیکردنەوەی چەکەکە لەلایەن هەر وڵاتێکی زلهێزەوە، ئەوا مۆسکۆش ناچاردەبێت و هەمان کاردەکات.