لیژنەی نۆبڵ بڕیاریدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2025 ببەخشێتە "ماریا کۆرینا ماچادۆ"، بەهۆی کارە ماندوونەناسەکانی لە پێشخستنی مافە دیموکراسییەکان بۆ گەلی ڤەنزوێلا و خەباتی بۆ گەیشتن بە گواستنەوەیەکی دادپەروەرانە و ئاشتییانە لە دیکتاتۆرییەتەوە بۆ دیموکراسی.

ماریا کۆرینا ماچادۆ، رابەری دیموکراتی وڵاتی ڤەنزویلا رۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی هەبوو لە گۆڕینی رژێمی دیکتاتۆریی ڤێنزولا بۆ حکومەتێکی دیموکراسی و بە یەکێک لە فیگەرە دیارەکانی ئەمریکای لاتین دادەنرێت کە لە پێناو مافی مرۆڤ و ئاشتیدا هەوڵێکی بێوچانی داوە. وەک سەرکردەی بزوتنەوەی دیموکراسی لە ڤەنزوێلا، یەکێکە لە نموونە هەرە نایابەکانی ئازایەتی مەدەنی لە ئەمریکای لاتین لەم ساڵانەی دواییدا.

لیژنەی نۆبڵی ئاستی نووسیوێتی: ڤەنزوێلا لە وڵاتێکی تاڕادەیەک دیموکرات و خۆشگوزەرانەوە گۆڕاوە بۆ دەوڵەتێکی دڕندانەی دیکتاتۆری کە ئێستا بە قەیرانێکی مرۆیی و ئابووریدا تێدەپەڕێت. زۆربەی هاووڵاتیانی ڤەنزوێلا لە هەژارییەکی قووڵدا دەژین، لە کاتێکدا چەند کەسێکی سەرەوە سامانەکانیان قۆڕخ کردووە. دامودەزگا توندوتیژەکانی دەوڵەت دژ بە هاووڵاتیانی خۆی بەکاردەهێنرێت. نزیکەی 8 ملیۆن کەس وڵاتەکەیان جێهێشتووە. ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەکی سیستماتیک لە رێگەی ساختەکاری لە هەڵبژاردن و رێگەکانی ترەوە سەرکوت کراوە. 

ماچادۆ، وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی "سوماتێ" کە تایبەتە بە پەرەپێدانی دیموکراسی، زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر داکۆکی لە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە کردووە. وەک خۆی دەڵێت: "بڕیارمدا سندوقی دەنگدان هەڵبژێرم نەک فیشەک".

ماچادۆ لە رێگەی پۆستە رێکخراوەیی و سیاسیەکانیەوە قسەی لەسەر سەربەخۆیی دادوەری و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی کردووە. ئەو ساڵانێکی زۆرە بۆ ئازادی گەلی ڤەنزوێلا کار دەکات
.