ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە سەعاتەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە کەرتی غەززە.

ماکرۆن لە دەستپێکی کۆبوونەوەی پاریسدا، کە بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی پێنج وڵاتی ئەوروپی و پێنج وڵاتی عەرەبی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی غەززە بەڕێوەچوو، وتی: "لێرە لە پاریس تاوتوێی دامەزراندنی حوکمڕانییەکی کاتی بۆ کەرتی غەززە دەکەین، بە بوونی فەلەستینییەکان بەبێ بزوتنەوەی حەماس."

سەرۆکی فەڕەنسا جەختی لەوە کردەوە کە "کۆبوونەوەی پاریس تەواوکەری دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکایە و سەرۆک دۆناڵد ترەمپ رێچکەیەکی گەورە و ئارەزوومەندانەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕشتووە." وتیشی: "هیوادارین رێککەوتنەکە بمانگەیەنێتە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان."

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە "خێراکردنی پرۆسەی دروستکردنی نیشتەجێگەکان لە کەناری رۆژئاوا کارێکی قبووڵنەکراو و هەڕەشەیەکی بوونگەراییە بۆ سەر دەوڵەتی فەلەستین." هەروەها ئامادەیی فەڕەنسای دەربڕی بۆ ئەوەی رۆڵ بگێڕێت لە هێزێکی چەسپاندنی سەقامگیری لە غەززە.