پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە تێیدا داوا لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات فڕۆکە روسیەکان لە ئاسمانی خۆیان بخەنە خوارەوە و داواش دەکات  هەموو سەروەت و سامانە بلۆکراوەکانی روسیا وەک قەرز بخرێتە خزمەت ئۆکراین.

ئەمڕۆ  پێنجشەممە، پەرلەمانی ئەوروپا داوا لەئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا و کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەکات، سزاکانی سەر روسیا زیاتر بکەن و داوای پەسەندکردنی دەستبەجێی پاکێجێکی بەهێزی سزاکان دەکات، کە دەبێتە  پاکێجی نۆزدەهەم و سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی روسیا دەکاتە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییەکان، چەسپاندنی سزاکان بەسەر روسیادا، هاوشێوە ئەو سزایانەیە کە بەسەر بێلاڕوس، ئێران و کۆریای باکوور سەپێندراوە.

لە بەشێکی دیکەی داواکارییەکەی پەرلەمانی ئەوروپادا جەخت لەوە دەکاتەوە کە زنجیرەیەک کردەوەی تێکدەرانە و تێکەڵاو کە لەلایەن روسیا دژی یەکێتی ئەورووپا ئەنجامدراوە، لە هەندێک بارودۆخدا، هاوشێوەی کاری تیرۆرستییە و مۆسکۆ سەرپەرشتی دەکات.

داوا لە کۆمیسیۆنی ئەوروپاش دەکات رێکاری پێویست دەستپێبکات بۆ دەستنیشانکردنی روسیا وەک وڵاتێک کە ئاستێکی بەرزی مەترسی هەیە لە بواری سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەنجومەنەکە بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە ئەمریکییەکانی، داوای پاراستن و فراوانکردنی سیاسەتی سزاکان دەکات دژی روسیا.

ئەمە لەکاتێکدایە  روسیا چەندین جار رایگەیاندووە کە ئەو گوشارە سزایانەی کە رۆژئاوا چەند ساڵێک لەمەوبەر دەستی پێکردبوو لەدژیی تێدەپەڕێت و کاریگەریان نییە.