دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: شایەنی خەڵاتی نۆبڵم ، ئەگەر ئەو خەڵاتەم پێنەدرێت بێڕێزییەکی گەورەیە بە ئەمریکا، لە بەرانبەردا سکرتێری لیژنەی نۆبڵ، رایگەیاندووە، لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ناکەوێتە ژێر هیچ کاریگەرییەکەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەردەوامە لە فشار خستنە سەر لیژنەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ بۆ ئەوەی خەڵاتەکەی پێببەخشن، ترەمپ راشیگەیاندووە، وەرنەگرتنی ئەم خەڵاتە سووکایەتییەکی گەورەیە بۆ ئەمریکا، بەتایبەتی دوای راگەیاندنی پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگی کەرتی غەززە.

ترەمپ لە وتارێکدا کە لەبەردەم سەرکردە باڵا سەربازییەکانی ئەمریکادا پێشکەشی کرد، پرسیارێکی کرد: "ئایا ئێوە خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرن؟ وتی نەخێر هەرگیز وەریناگرن، چونکە ئەوان بە کەسێکی دەدەن کە هیچ کارێکی نەکردووە.

ترەمپ جەختیکردوەتەوە، بە کۆتاییهێنان بە حەوت جەنگ لە دوای گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا،  لەگەڵ ئەگەری سەرکەوتنی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، "ئەوا لە ماوەی ٨ مانگدا کۆتایییان بە ٨ جەنگ هێناوە، کە ئەمەش کارێکی زۆر باشە" و بە دەستکەوتێکی گەورەش وەسفی کرد.

جێگەی ئاماژەیە، ترەمپ ناڕەزایەتی لە دژی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باراک ئۆباما دەردەبڕێت، کە ساڵی 2009 دوای چەند مانگێک لە دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتییەکی وەریگرت.

سەرەڕای ئەو فشارە ناڕاستەوخۆیانەی کە ترەمپ سەبارەت بە شایستەبوونی خۆی بۆ خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ دەیخاتەڕوو، بەڵام لیژنەی نۆبڵی نەرویژی دووپاتی کردەوە، کەمپینە راگەیاندنەکانی ترەمپ کاریگەری لەسەر بڕیارەکەیان نابێت.

ماوەیەک لەمەوبەر، کریستیان بێرگ هارڤیکین، سکرتێری لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ، لە لێدوانێکدا بۆ فرانس پرێس رایگەیاندبووە: ئەو لێدوانانە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر گفتوگۆکانی ناو لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نییە.