وەزیری جەنگی ئەمریکا: چیتر رێگە بە سەربازی قەڵەو نادرێت لە سوپادا
راهۆز
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزیری جەنگی ئەمریکا "تەقە لە ژەنەراڵە قەڵەوەکان دەکات" و ستانداردی نوێی جەستەیی رادەگەیەنێت.
پیت هیگسێس: "ئێمە جەنگاوەر دروست دەکەین، نەک بەرگریکار." جەختیش دەکاتەوە کە ستانداردەکان بۆ ژنانیش وەک پیاوان دەبێت و پێویستە "لە بەرزترین ئاستی توانادا" بن.
پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، بە توندی رەخنەی لەو سەرباز و ژەنەراڵانە گرت کە کێشیان زیادە و جەختی کردەوە کە چیتر رێگە بە بوونی "سەربازی قەڵەو" لەناو ریزەکانی سوپادا نادرێت.
هیگسێس لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، "ماندووکەرە" بینینی ئەو یەکە سەربازییانەی کە پڕن لە سەربازی قەڵەو و کێش زیاد، وتیشی: "کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە ژەنەراڵ و ئەدمیراڵەکانەوە هەبێت کە لەناو وەزارەتی بەرگریدا کار دەکەن یان سەرکردایەتی یەکە سەربازییەکان دەکەن لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، دۆخەکە زۆر خراپترە."
وەزیری جەنگ، کە لە 25ی کانوونی دووەمی 2025ەوە دەستبەکاربووە، رایگەیاند کە ئەم دیمەنە "قبوڵکراو نییە" و زیان بە وێنەی سوپای ئەمریکا دەگەیەنێت و ناسنامەی راستەقینەی هێزە چەکدارەکان ناشیرین دەکات. بۆیە، رایگەیاند کە لەمەودوا سوپا بە توندی پابەندی ستانداردەکانی باڵا و کێش دەبێت، هاوکات هەموو ئەندامانی سوپا ناچار دەبن تاقیکردنەوەکانی توانای جەستەیی بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنن.
"ئێمە جەنگاوەرین، نەک بەرگریکار"
هیگسێس، کە خۆی ئەفسەری پێشووی گاردی نیشتمانیی سوپا بووە و لە عیراق و ئەفغانستان خزمەتی کردووە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پڕۆسەی بەهێزکردنی "رۆحی جەنگاوەر" لەناو سوپادا.
وتیشی: "ئێمە جەنگاوەر رادەهێنین، نەک بەرگریکار. ئێمە دەچینە جەنگەکانەوە بۆ ئەوەی بیانبەینەوە، نەک بۆ ئەوەی بەرگری بکەین. بەرگری چالاکییەکە کە بەردەوام ئەنجامی دەدەین، بەڵام جەنگ شتێکە کە بە دانایی، بە مەرجی خۆمان و بە ئامانجی رون پەنای بۆ دەبەین."
ناوبراو جەختی کردەوە: "ئێمە دەجەنگین بۆ ئەوەی سەربکەوین. بە یاسای پێکدادانی گەمژانە ناجەنگین. جەنگاوەرەکانمان ئازاد دەکەین بۆ ترساندن و شکاندنی ورەی دوژمنانی وڵاتەکەمان، راویان دەنێین و دەیانکوژین."
هەڵوێستی بەرامبەر بە ژنان لە سوپادا:
سەبارەت بە رۆڵی ژنان، هیگسێس رایگەیاند کە مەرجی نوێ ئەوەیە کە سەربازەکان دەبێت لە بەرزترین ستانداردی "جەستەیی"دا بن، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە بە مانای رێگریکردن لە خزمەتی ژنان نییە. وتیشی: "ئێمە زۆر بەرز لەو کاریگەرییانە دەڕوانین کە ژنان لەسەر سوپا هەیانە. ئەفسەرە ژنەکانمان باشترینن لە جیهاندا. بەڵام کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە هەر کارێکەوە هەبێت کە پێویستی بە هێزی جەستەیی هەبێت بۆ ئەنجامدانی لە کاتی شەڕدا، دەبێت ئەو ستانداردانە بەرز و بێلایەن بن و لە دەرەوەی لەبەرچاوگرتنی رەگەزبن. ئەگەر ژنێک سەرکەوتوو بوو، ئەوە نایابە. ئەگەریش سەرکەوتوو نەبوو، ئەوە واقیعەکەیە."
لە هەمان چوارچێوەدا، وەزیر کۆتاییهێنان بەوەی ناوی لێنا "کولتووری هۆشیاریی کۆمەڵایەتی" رایگەیاند و ئاشکرای کرد کە رێنمایی نوێ دەرچووە بۆ سەپاندنی ستانداردی بێلایەن لە رەگەز یان ستانداردی ئاستی نێرینە لە بواری توانای جەستەییدا.



