پوتن: ئێمە لە ئۆکراین شەڕێکی دادپەروەرانە دەکەین و دڵنیاین سەردەکەوین
محەمەد رزگار
٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
سەرۆکی روسیا دەڵێت: لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئۆکراین سەرکەوتوو دەبن و شەڕێکی دادپەروەرانە دەکەن.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا رایگەیاند، هێزەکانیان لە ئۆکراین سەرکەوتوو دەبن و بەردەوام دەبن لە بەرگری کردن لە نیشتمانەکەیان و یەکێتی چارەنووسی مێژووییان دەپارێزن.
وتیشی، فەرماندە و سەربازەکانیان بەردەوامن لە هێرشکردن بۆ سەر ئۆکراین، دەشڵێت، ئەوان شەڕ دەکەن و سەردەکەون.
لەبەرانبەردا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاندووە، وڵاتەکەی زیاتر لە سەدان کیلۆمەتری چوارگۆشەی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا لە میانەی هێرشە پێچەوانەکانی ئەم دواییەدا کۆنترۆڵ کردووەتەوە، بەڵام هێزەکانیان لە بەرەکانی دیکەدا رووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بوونەتەوە.
لە سەرەتای مانگی ئابدا، هێزەکانی روسیا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هێڵەکانی پێشەوەی رۆژهەڵاتی دۆبرۆبیلیایان شکاند و نزیکەی 20 کیلۆمەتر پێشڕەوییان کرد، بەڵام دوای ناردنی هێزە یەدەگە ئۆکرانییەکان، بەشێک لە هێزەکانی روسیا پاشەکشەیان پێکرا.



