سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت: ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە دانوستانەکانی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ دوور نییە رووبدات، بەڵام لە ئێستادا ئەو بابەتە لە ئارادا نییە.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆچوونی هاوبەشیان هەیە لەسەر ئەوەی چیبکرێت بۆ وەڵامدانەوەی جوڵەکانی روسیا، دەشڵێت، وەفدێکی حکومەتی ئۆکراین لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلول یان تشرینی یەکەم سەردانی ئەمریکا دەکات، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ سەبارەت بە ئابوری و هاوکاری سەربازی.

وتیشی، ئۆکراین سیستمی بەرگری ئاسمانی جۆری "پاتریۆت"ـی لە ئیسرائیلەوە وەرگرتووە و لە وڵاتەکەی جێگیر کراوە، ئاماژەی بەوەشدا کیێڤ لە چەند مانگی داهاتوودا دوو سیستمی دیکەی هەمان جۆری پێدەگات.