وتەبێژی كرملن رەخنەی توند لە لێدوانێكی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی خستنە خوارەوە فرۆكەكانیان لایەن وڵاتانی ئەندامی ناتۆوە دەگرێت و دەڵێت ئەو جۆرە لێدوانانە  لێكەوتەی مەترسیداری دەبێت.

 دیمیتری پێسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی كرملن لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی رەسمی روسیا رایگەیاند، لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەگەری خستنە خوارەوەی فرۆكەكانی روسیا لەلایەن وڵاتانی ئەندامی ناتۆوە لێدوانێكی نابەرپرسیارانەیە.

وتیشی: ئەو جۆرە لێدوانانە لێكەوتەی مەترسیداری دەبێت.

 ئەو كاردانەوەیەی وتەبێژی كۆشكی كرملن دوای ئەوەهات كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا  رایگەیاند پێموایە دەبێت وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ئەو فرۆكە روسیانە بخەنە خوارەوە كە كایەی ئاسمانی وڵاتەكەیان دەبەزێنن

 لەلایەكی ترەوە مارك روتە سكرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، پشتیوانی بیرۆكەی خستنە خوارەوەی فرۆكەكانی روسیا دەكات ئەگەر بێـتو بواری ئاسمانی وڵاتانی ئەندامی پەیمانی ناتۆ ببەزێنن.