سەرۆكی ئەمریكا فەرمانی بەردەوامبونی تیكتۆكی ئیمزا كرد
٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
سەرۆكی ئەمریكا، فەرمانێكی دەركرد بۆ بەردەوامبوونی تیك تۆك و لەگەڵ چینیش رێككەوتن بۆ فرۆشتنی ئەو ئەپڵیكەشنە بە وەبەرهێنەرانی ئەمریكا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆكی چین قسەی كردووە و گفتوگۆیەكی باشیان ئەنجامداوە و ئەپڵیكەیشنی تیك تۆك بە بەهای 14 ملیار دۆلار بە وەبەرهێنەرانی ئەمریكا دەفرۆشرێت.
دەشڵێت، چین رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی تیك تۆك و خاوەنداریەتی كردنی لەلایەن ئەمریكاوە داوە و هیوادارن چین پابەندبێت بە رێككەوتنەكە.
ترەمپ ستایشی تیك تۆكی كرد كە 170 ملیۆن بەكارهێنەری لە ئەمریكا هەیە و یارمەتی داوە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ڕابردوودا لە هەژماری تایبەتی خۆیدا 15 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە و هەروەها كۆشكی سپی مانگی رابردوو هەژمارێكی فەرمی تیك تۆكی كردەوە.
لای خۆشیەوە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، یەكەمجارە نرخی تیك تۆك ئاشكرا بكرێت و ئەوەی ویستیان ئەوە بوو تیكتۆك بەردەوام بێت و دڵنیابن لەوەی داتای ئەمریكییەكان دەپارێزێت.



