ماکرۆن بۆ ترەمپ: دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە
٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: پێویستە دەستبەجێ شەڕ لە غەززە کۆتایی پێبێت و هەموو بارمەتەکان ئازادبکرێن، لەبەرانبەردا سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت: دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین هەنگاوێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوەی حەماس.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و رەوشی غەززەیان تاوتوێکرد، لە دیدارەکەدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، پێبینی دەكەم كۆبوونەوەمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەب و ئیسلامی لەبارەی غەززە ئەرێنی دەبێت.
وتیشی، دەبێت شەڕ لە غەززە کۆتایی پێبێت و سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن.
لەلای خۆشیەوە ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند، دانپێدانانمان بە دەوڵەتی فەلەستین گرنگی خۆی هەیە و لەخۆمانەوە ئەو بڕیارەمان نەداوە.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا ماکرۆن بە ترەمپی وت، زیاتر لە دوو ساڵە شەڕ لە غەززە بەردەوامە چی بەدەستهاتووە؟ بۆیە پێویستمان پڕۆسەیەکی گشتگیر هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین مانای لەبیرکردنی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر نییە لەلایەن حەماسەوە، بەڵکو دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوەی حەماس.



