ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رازی بوو لەبری پارەی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت، نەوتی خاو بدرێت بە كۆمپانیاكان و رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستی سێقۆڵی لەنێوان بەغداد و هەولێر و كۆمپانیاكانیش دەربڕی.  
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی هەفتانەی رۆژی سێشەممەدا دوو بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستانی پەسەند كردووە. 

لە بڕگەی یەكەمدا ئەنجومەنی وەزیران رازی بوو بەوەی كە لە بری پێدانی پارە بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت بە كۆمپانیا كە بۆ هەر بەرمیلێك بڕەكەی 16 دۆلارە، نەوتی خاویان پێبدرێت و بۆ خۆیان بیفرۆشن. 

لە بڕگەی دووەمیشدا حكومەتی عیراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستێكی سێقۆڵی لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق و كۆمپانیا نەوتییەكان.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمیندانرێتی ئەنجومەنی وەزیران گرێبەستەكە بەرز دەكاتەوە بۆ لیژنەی راوێژكاریی وەزارەتی نەوتی عیراق و چاوەڕوان دەكرێت لیژنەكە لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا وەڵامی كۆتایی خۆی لەو بارەوە بداتەوە بە ئەنجومەنی وەزیران، تاوەكو گرێبەستە سێ قۆڵییەكە بە رەسمی ئەنجام بدرێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە، رۆژی چوار شەممە ئەنجومەنی دەوڵەتی عیراق جارێكی تر كۆدەبێتەوە بۆ تەواوكردنی تاوتوێی یاسایی راپۆرتی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم و دیاریكردنی پشكی هەردولا لە داهاتەكان.