لوتکەی دەوحە هێرشەکەی سەر قەتەر ئیدانە دەکات
١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
راگەیەندراوی کۆتایی لوتکەکە هێرشەکەی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی ناوچەکە ناوبرد و هاوپشتیی تەواوی بۆ دۆحە دەربڕی.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لوتکەی عەرەبی-ئیسلامی لە دەوحە لە راگەیەندراوی کۆتایی خۆیدا، ئیدانەی "دوژمنکارییە ستەمکارانەکەی" ئیسرائیلی بۆ سەر قەتەر کرد و بە کارێک ناویبرد کە "هەموو هەلێک بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا لەباردەبات."
راگەیەندراوەکە "بە توندترین شێوە" ئیدانەی "هێرشە ترسنۆکانە و نایاساییەکەی" ئیسرائیلی کرد و "هاوپشتیی تەواو"ی بۆ دەوحە و پشتیوانیکردنی لەو هەنگاوانەی بۆ وەڵامدانەوە دەیگرێتەبەر، دووپاتکردەوە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "دوژمنکاری بۆ سەر شوێنێکی بێلایەنی نێوەندگیر، پرۆسەکانی دروستکردنی ئاشتیی نێودەوڵەتی تێکدەدات،" و ستایشی "هەڵوێستی شارستانی و ژیرانەی" قەتەری کرد لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو دەستدرێژییەدا.
لوتکەکە دووبارە رەتیکردەوە کە هیچ پاساوێک بۆ دوژمنکارییەکەی ئیسرائیل بهێنرێتەوە، و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلیشی بۆ کردنەئامانجی دووبارەی قەتەر رەتکردەوە.
راگەیەندراوەکە پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی نێوەندگیران (قەتەر، میسر و ویلایەتە یەکگرتووەکان) بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە نوێکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکە ئامانجی تێکدانی هەوڵەکانی نێوەندگیری بووە.
هەروەها جەختکرایەوە لەسەر وەستانەوە دژی پیلانەکانی ئیسرائیل بۆ سەپاندنی واقیعێکی نوێ لە ناوچەکەدا و ئیدانەی هەر هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ کۆچپێکردنی فەڵەستینییەکان کرا.
لە کۆتاییدا، هۆشداری درا لە دەرەنجامەکانی هەر بڕیارێکی ئیسرائیل بۆ لکاندنی هەر بەشێک لە خاکە داگیرکراوەکان و داوای جووڵەی بەپەلەی نێودەوڵەتی کرا بۆ دانانی سنوورێک بۆ دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل.
جێی ئاماژەیە، سوپای ئیسرائیل سێشەممەی رابردوو هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس لە دەوحە. قەتەر ئیدانەی هێرشەکەی کرد و وەڵامدانەوەی هێرشەکەی بە مافی خۆی زانی.
لەلایەن خۆیەوە، حەماس رایگەیاند کە وەفدی دانوستانکاری بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییە، لە هێرشەکە رزگاریان بووە، بەڵام بەڕێوەبەری نووسینگەکەی (جیهاد لەبەد)، کوڕەکەی (هومام حەییە) و سێ یاوەری دیکە گیانیان لەدەستداوە.