ناتانیاهۆ جارێکی دیکە هەڕەشەی کردنەئامانجی سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر دەکات
راهۆز
١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند کە سەرکردەکانی حەماس "گەورەترین رێگرن" لەبەردەم ئاشتی و لەناوبردنیان دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کەرتی غەززە. ئەم لێدوانە دوای چەند ڕۆژێک دێت لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحەی پایتەختی قەتەر.
ناتانیاهۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: "سەرکردە تیرۆریستەکانی حەماس کە لە قەتەر دەژین، هیچ بایەخێک بە دانیشتووانی غەززە نادەن."
ناوبراو هەروەها وتیشی: "ئەوان هەموو هەوڵێکیان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست رەتکردووەتەوە تا شەڕەکە بۆ ماوەیەکی بێ کۆتا درێژبکەنەوە. لەناوبردنیان گەورەترین رێگری بەردەم ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانمان و کۆتاییهێنانی شەڕ لادەبات."
ئەم هەڕەشانە دوای هێرشەکەی رۆژی سێشەممە، 9ی ئەیلوول، دێت کە هێزەکانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی حەماسیان لە دۆحە کردە ئامانج، کە خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە کەرتی غەززە، و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای دیکەی تێدا ئامادەبوون.
تاکو ئێستا کوژرانی هیچ کام لەو سەرکردانەی لە دۆحە کرابوونە ئامانج پشتڕاست نەکراوەتەوە. لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس کوژرانی هومام خەلیل حەییە، کوڕی خەلیل حەییە، و چەند کەسێکی دیکەی لەو هێرشەدا پشتڕاست کردووەتەوە.