دووبز؛ لە شەڕی دوو بنەماڵەی عەرەبی هاوردەدا دوو کەس کوژران و یەکێکی دیکە بریندار بوو
راهۆز
١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکوک، بەهۆی شەڕێکی خوێناوییەوە لەنێوان دوو خێزانی عەرەبی هاوردەدا، دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دووبز بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کە هەردوو لایەنی شەڕەکە ئامۆزای یەکترن و دانیشتووی گوندی پەڵکانەن لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان.
سەبارەت بە هۆکاری روداوەکە، سەرچاوەکە رونیکردەوە کە تا ئێستا بە تەواوی نازانرێت، بەڵام کێشەکە لەنێو خۆیاندایە و پێدەچێت کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بێت.
هەروەها دووپاتیکردەوە کە بکوژەکە هەڵاتووە و تا ئێستا دەستگیر نەکراوە، پۆلیس چاوەڕێی بڕیاری دادوەر دەکات بۆ دەستپێکردنی رێکارەکانی بەدواداچوون و دەستگیرکردنی. قوربانیی سێیەمیش کە بریندارە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.