لە وتارێکدا، فەوزی بەرهوم، سەرکردەی باڵای بزوتنەوەی حەماس، هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دۆحەی پایتەختی قەتەر بە "تاوانێکی تەواو" و "راگەیاندنی جەنگ" دژی هەموو نەتەوەی عەرەبی و ئیسلامی وەسف کرد. ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ئەم کردەوەیە هەوڵێکی ئیسرائیلە بۆ تێکدانی رێڕەوی دانوستانەکان و بەدەستهێنانی "سەرکەوتنێکی وەهمی".

ناسنامەی کوژراوەژانی ئاشکرا کرا:

  • جیهاد لەبەد (ئەبو بیلال)

  • هومام حەییە

  • عەبدوڵا عەبدولواحید

  • موئمین حەسونە

  • ئەحمەد عەبدولمالک

  • وەکیل عەریف بەدر سەعد محەمەد دۆسەری

"هێرشێک بۆ سەر هەموو نەتەوە"

سەرکردەکەی حەماس جەختی کردەوە کە ئەم شەڕە تەنها شەڕی غەززە، حەماس، یان فەڵەستین نییە، بەڵکو "شەڕی هەموو نەتەوەکەیە."

وتیشی: "ئێمە لەبەردەم تاوانێکی تەواوداین کە نەک تەنها سەروەریی وڵاتێکی عەرەبی دەکاتە ئامانج، بەڵکو هەموو ئەو بەهایانە دەکاتە ئامانج کە قەتەر وەک بەشێک لە بەهاکانی عەروبە و ئیسلام نوێنەرایەتییان دەکات. ئەمە راگەیاندنی جەنگێکی ئاشکرایە دژی هەموو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکانمان."

ئامانج لێی تێکدانی دانوستانەکانە:

بەرهوم ئاماژەی بەوە دا کە "هەوڵە شکستخواردووەکەی تیرۆرکردنی وەفدی دانوستانکاری بزوتنەوەکە لە دۆحە، رەنگدانەوەی هەوڵی ئیسرائیلە بۆ دروستکردنی وێنەیەکی وەهمی سەرکەوتن، لە پاش شکستی لە غەززە و نەگەیشتن بە ئامانجەکانی.

رونیشی کردەوە کە "کردەوەی تیرۆرکردنی وەفدی دانوستان لە کاتێکدا کە تاوتوێی پێشنیازە نوێیەکانی دەکرد، ئامانجگرتنێکی قێزەون و بێشەرمانەی رۆڵی رێزلێگیراوی نێوەندگیری قەتەرە. بۆردومانەکە ماڵی سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری کردووەتە ئامانج، کە خێزانەکەی تێیدا نیشتەجێ بوون و لە ئەنجامدا هاوسەری، و نەوەکانی بریندار بوون."

بەرهوم ئەم هێرشەی بە "بۆردومانکردن و تیرۆرکردنی تەواوی رێڕەوی دانوستان" و "ئامانجگرتنێکی مەبەستدار" بۆ رۆڵی نێوەندگیرانی وەک قەتەر و میسر دانا.

ئیدارەی ئەمریکا بە هاوبەشی تاوانەکە ناوبرد:

فەوزی بەرهوم بە توندی رەخنەی لە ئەمریکا گرت و وتی: "ئیدارەی ئەمریکا هاوبەشێکی تەواوەتییە لەم تاوانەدا."

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: "خوێنی سەرکردەکانی بزوتنەوەکە لە خوێنی منداڵان و ژنانی غەززە و قودس و کەرتی رۆژئاوا بەهادارتر نییە. هیچ هێزێک لەسەر زەوی ناتوانێت ڕێگری لە مافی ڕەوای گەلەکەمان بکات بۆ بەرگریکردن لە خاک و پیرۆزییەکانی."

هەروەها هاوسۆزیی خۆی بۆ وڵاتی قەتەر دەربڕی و ستایشی هەموو ئەو هەڵوێستانەی کرد کە پشتیوانیی قەتەر دەکەن و دژی دەستدرێژییەکەی ئیسرائیلن.