ئەمڕۆ پێنجشەممە، قەتەر ئەو راپۆرتەی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکات دۆحە پێداچوونەوە بە هاوبەشییە ئەمنییەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەکات و بە "تەواو ناڕاست" وەسفی کرد.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەی راگەیاندنی نێودەوڵەتیی قەتەرەوە دەرچووە، دۆحە جەختی کردەوە کە پەیوەندییە ئەمنی و بەرگرییەکانی لەگەڵ واشنتن "لە هەموو کاتێک بەهێزترە و بەردەوامە لە گەشەکردن."

راگەیەندراوەکە راپۆرتەکەی "ئەکسیۆس"ی بە "هەوڵێکی ئاشکرا و شکستخواردوو بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان قەتەر و ویلایەتە یەکگرتووەکان" ناوبرد. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو لایەنانە لەپشت ئەم جۆرە هەواڵانەوەن کە سوود لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وەردەگرن و دژی ئاشتی دەوەستنەوە."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەردوو وڵات بۆ ماوەی چەندین ساڵە پشتیوانیی یەکتریان کردووە و ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردنی پێکەوەیی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا."

ئەم رونکردنەوەیەی قەتەر دوای ئەوە هات کە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرکردەکانی حەماس لە دۆحە، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، بە نێردەی کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆفی، راگەیاندووە کە وڵاتەکەی پێداچوونەوە بە هاوبەشییە ئەمنییەکەی لەگەڵ واشنتن دەکات و "رەنگە بەدوای هاوبەشی دیکەدا بگەڕێت" کە بتوانن بیپارێزن.

هاوکات، رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" رۆژی چوارشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە بڵاوی کردەوە کە بەرپرسێکی باڵای قەتەری لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ویتکۆف، گومانی خۆی لە هاوبەشییەکەی دۆحە لەگەڵ ئەمریکا دەربڕیوە.

بەپێی سەرچاوەکە، "بەرپرسە باڵاکەی قەتەر ئاماژەی بە هێرشەکەی ئیسرائیل و هێرشەکەی مانگی حوزەیرانی رابردووی ئێران کردووە کە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە قەتەر کردبووە ئامانج" و "نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە شکستی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پاراستنی وڵاتەکەی."