ئسیرائیل: هەر ئامانجێکمان لە دەوحە لەدەستدابێت جارێکی تر بە ئامانج دەیگرینەوە
١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئیسرائیل جەختدەکاتەوە هەر ئامانجێکیان لە هێرشەکەی دەوحەی پایتەختی قەتەر لەدەستدابێت، جارێکی دیکە بەئامانجی دەگرنەوە.
یەحیەئیل لیتەر باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، ئەندامانی حەماس لە لیستی ئامانجی ئیسرائیلن، لە هەر شوێن و هەر کاتێکدا بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر وڵاتەکەی لە هێرشەکەی سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر هەر ئامانجێکی لەدەستدابێت، ئەوا جاری داهاتوو بە ئامانجیان دەگرێتەوە.
لیتەر بۆچوونی وایە ئیسرائیل نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆرێت و رایگەیاندووە، رەنگە لە ئێستادا وڵاتەکەی رووبەڕووی هەندێک رەخنە ببێتەوە، بەڵام بەسەر رەخنەکاندا زاڵ دەبن.
باڵوێزی ئیسرائیل وتوشیەتی، لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ یەکگرتوون، هاوکات چۆن لە رابردوودا هاوکارییان کردووە لەداهاتووشدا بەهەمان شێوە بەردەوام دەبن.
ئیسرائیل دوێنێ لە هێرشەکەیدا بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردە سیاسییەکانی بزووتنەوەی حەماسی دا، ئەمەش هەڵمەتە سەربازییەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەپێدا، ئۆپەراسیۆنەکە هەستیارییەکی تایبەتی بەدەستهێنا، چونکە قەتەر میوانداری دانوستانەکان دەکات بە ئامانجی ئاگربەست لە شەڕی غەززە کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە.