قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز دکتۆر ماهیر کەراکی، کونسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان کرد. لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باسی دۆخی فەلەستین و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو بزوتنەوەی کورد و بزوتنەوەی فەلەستین، رایگەیاند کە گەلی کورد هەمیشە پشتیوانی داوا رەواکانی گەلی فەلەستین بووە. هەروەها هاوسۆزی خۆشی بۆ ئەو کارەساتە مرۆییە دەربڕی کە لە فەلەستین و کەرتی غەززە بەسەر گەلی فەلەستیندا هاتبوو.
 
جێگری سەرۆکوەزیران هیوای خواستبوو هەرچی زووە شەڕ کۆتایی بێت و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت. هەر لەم چوارچێوەیەشدا پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی دەربڕیبوو کە لەو کاتەدا لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە پشتگیری لێ دەکرا.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و فەلەستین کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە گەلی کوردستان و فەلەستین پێویستە لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا پشتیوان و هاوسۆزی یەکتر بن.