ئەمڕۆ چوارشەممە، لە مەراسیمێکدا کە لە کۆشکی بەغدا بەڕێوەچوو، باڵیۆزانی نوێی عیراق لە بەردەم د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار، سوێندی یاساییان خوارد. مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عیراق، بەڕێوەچوو.

سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە باڵیۆزەکان کرد بە بۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەستنیشانکردنیان وەک باڵیۆزی عیراق.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم نوێنەرایەتییە "بەرپرسیارێتییەکی قورسە و متمانەیەکی گەورەیە لە هەڵگرتنی پەیامی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی عراق لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان." هەروەها ئاماژەی بەوەدا، لیستی باڵیۆزەکان دوای وردبینیکردنی سەدان ناو هەڵبژێردران، و هیوای خواست هەوڵەکانیان هاوتا بێت لەگەڵ پێگەی عیراق و رۆڵی سەرەکی وڵات لە ناوچەکەدا.

د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار، تیشکی خستە سەر دۆخی عیراق و پێشهاتە ئەرێنییەکانی وڵات، ئاماژەی بەوەدا کە عیراق ئێستا دۆخی ئاسایش و سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت.

سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستی گەیاندنی وێنەیەکی راستەقینە و ئەرێنی عیراقی بۆ کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان کردەوە. هەروەها داوای کرد کار بۆ باشترکردن و پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عیراق لە هەموو بوارەکاندا بکرێت، لەگەڵ هاندانی کۆمپانیا گەورەکانی وەبەرهێنان بۆ کارکردن و پڕۆژە ئەنجامدان لە عیراق.

لە بەرامبەردا، باڵیۆزانی نوێ سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەم متمانەیە دەربڕی و پابەندبوونیان دووپاتکردەوە بۆ هەڵگرتنی پەیامێکی دڵسۆزانەی نیشتمانی و کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی وێنە و بەرژەوەندییەکانی عیراق لەسەر ئاستە جیاوازە نێودەوڵەتییەکان.