قاچاخچییەک بە تۆمەتی گواستنەوەی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ فەرەنسا دەستگیرکرا
راهۆز
١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئاژانسی نیشتمانیی تاوان (NCA) لە بەریتانیا رایگەیاند، پیاوێکی عیراقیی تەمەن 42 ساڵیان لە شاری ئاشفۆرد لە هەرێمی کێنت دەستگیرکردووە، کە گومانلێکراوە بەشێکە لە تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتیی مرۆڤ.
بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی ئاژانسەکە، ئەو تۆمەتبارە بە تۆمەتی ئاسانکاریکردن بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بەشێوەی نایاسایی و بە بارهەڵگر لە بەریتانیاوە بۆ فەرەنسا دەستگیر کراوە. هەروەها گومانی ئەوەشی لێدەکرێت کە لە هێنانی کۆچبەریش بۆ ناو بەریتانیا دەستی هەبووبێت.
سارا-جەین موور، فەرماندە لە ئاژانسی نیشتمانیی تاوان، رایگەیاند: "ئەم دەستگیرکردنە بەشێکە لە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانمان لە تۆڕێکی تاوانکاریی بەرفراوان کە بەرپرسە لە بەقاچاخبردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ فەرەنسا و بەپێچەوانەشەوە".
موور ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری جیاواز هەیە بۆ ئەوەی خەڵک هەوڵی بەجێهێشتنی بەریتانیا بە بارهەڵگر بدەن، کە لەوانەیە بریتی بێت لە خۆدزینەوە لە دەستگیرکردن لەلایەن پۆلیسەوە، خۆدزینەوە لە پشکنینەکانی کۆچی فەرەنسا، یان رەنگە خۆیان قوربانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بن.
فەرماندەکەی ئاژانسی تاوان جەختی کردەوە کە "قاچاخچییەکانی مرۆڤ هیچ بایەخێک بە سەلامەتی و باشی ئەو مرۆڤانە نادەن کە دەیانگوازنەوە، چ بە بەلەم بێت یان بە بارهەڵگر، بەڵکو تەنها پاڵنەریان دەستکەوتی داراییە".
ئەمە دووەم کەسە کە لە چوارچێوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا دەستگیر دەکرێت و لە ئێستادا گومانلێکراوەکە لەلایەن ئەفسەرانی ئاژانسی نیشتمانیی تاوانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
دەستگیرکردنی ئەم قاچاخچیە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی فەرەنسا رایانگەیاند سێ کۆچبەر لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیز لە باکوری فەڕەنسا گیانیان لەدەست داوە و پێدەچێت لانیکەم سێ کۆچبەری دیکەش بێ سەرو شوێن بن.