ترەمپ: شەڕی نێوان ژن و پیاو بە تاوان هەژمار ناکرێت
٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: کێشەی نێوان هاوسەرەکان بە تاوان هەژمار ناکرێت، ئەو راپۆرتانەی کە باس لە کێشەی خێزانی و شەڕی نێوان ژن و پیاو دەکەن، نابێتە هۆی ئەوەی تۆمارەکانی کەمبوونەوەی تاوان لە واشنتۆن زیاد بکات یاخود تێکبدات.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەمیانی وتارێکدا لە مۆزەخانەی کتێبی پیرۆز لە واشنتۆن رایگەیاند، رێژەی تاوانەکان لەواشنتۆن گەیشتوەتە ئاستی سفر، لەکاتێکدا راپۆرتەکان باس لەوەدەکەن تاوانەکان بە رێژەی ٪87 دابەزیوە، بەڵام ترەمپ ئەوەشی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، رێژەکە زۆر لەوە زیاترە و هیچ تاوانێک نییە.
ترەمپ وتیشی، ئەوەی لە ماڵەکاندا رودەدات نەیارەکانی بە تاوان ناویدەبەن، هەرچییەک لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ دۆزینەوەی بەڵگە، ئەگەر پیاوێک و هاوسەرەکەی لە ماڵەوە شەڕیان هەبێت و دەڵێن تاوان ئەنجامدراوە.
ئەم لێدوانەی ترەمپ ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بە نەزانی توندوتیژی خێزانی و شکستهێنانی لە پۆلێنکردنی توندوتیژی خێزانی وەسف دەکەن.
بەپێی ئاماری پۆلیسی واشنتۆن، تەنها رۆژی یەکشەممە یەک روداوی کوشتن و شەش ئۆتۆمبێل دزین و دوو دەستدرێژی بە چەکێکی کوشندە و زیاتر لە 30 حاڵەتی دزیکردن رویداوە.
جێگەی ئاماژەیە، ترەمپ لە 11ـی ئابدا فەرمانی بە نزیکەی دوو هەزار و 300 ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی کرد، کە بچنە واشنتۆن دی سی بدەن و شارەکەی بە "شەرمەزارییەکی گەورە و تاوانبار" ناوبرد.