وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەڵمانیا سەرکردایەتی  80ەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، هاوکات دەبێتە یەکەم ژنی ئەوروپی سەرکردایەتی ئەو کۆبوونەوەیە بکات.

ئانالینا بێربوک وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەڵمانیا، وەک پێنجەم ژن لە مێژوودا ئەرکی سەرکردایەتیکردنی 80ەمین کۆبوونەوەی گشتی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی وەرگرت.

بێربوک تەمەنی 44 ساڵە و ئەندامی پارتی سەوزی ئەڵمانیایە، بەزۆرینەی دەنگی رەها بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا، هاوکات تا مانگی پێنجی رابردوو لە حکومەتی پێشووی ئەڵمانیا وەک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کاری کردووە.

بێربوک وەک سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان،، سەرۆکایەتی دانیشتنەکانی ئەنجومەن دەکات و رێکارەکان و بڕگەکانی بەرنامەی کار دیاری دەکات.

كۆبوونەوەکە لەژێر سەرپەرشتی سەرۆکی گشتی کۆمەڵەکە یان سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دانیشتنەكانی ساڵدا لەناو بارەگای سەرەكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری نیویۆرك بەڕێوەدەچێت، بەشی سەرەکی ئەم کۆبوونەوانە بەگشتی لە مانگی ئەیلولەوە تا مانگی یەک بەردەوام دەبێت تا هەموو کێشە و گرفتەکان چارەسەر دەکرێن، یەکەم دانیشتن لە 10ی شوباتی 1946 لە هۆڵی ناوەندی میتۆدیستەکان لە لەندەن ئەنجامدرا بە نوێنەرانی 51 نەتەوەی دامەزرێنەری کۆمەڵەکە.