جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، سلێمانی وەک هەمیشە بە شاری ئازادیی کاری سیاسی و ئازادیی رادەربڕین دەمێنێتەوە، بەڵام بە هەمان شێوەی وڵاتانی دیموکراسیش رێگە بە دروستبوونی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بە جیا لەگەڵ هەریەک لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا و ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە.

هاوکات لەمیانی دیدارەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران جارێکی دیکە جەختی کردەوە، کە سلێمانی وەک هەمیشە بە شاری ئازادیی کاری سیاسی و ئازادیی رادەربڕین دەمێنێتەوە، بە هەمان شێوەی وڵاتانی دیموکراسیش رێگە بە یاساشکێنی و دروستبوونی گروپی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت.

قوباد تاڵەبانی روونیشیکردەوە، سوورن لەسەر چەسپاندنی سەروەریی یاسا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و لە هەمانکاتیشدا مافی یاسایی هەموو تۆمەتبارێک پارێزراو دەبێت.