قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پەیامێکی بەهۆی شەهیدبوونی سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لەکاتی رووبەڕووبوونەوەکەی لالەزار بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ناهێڵین خوێنی شەهیدانی چەسپاندنی یاسا بەفیڕۆ بچێت.

دەقی پەیامەکە...

زۆر دڵگران بووین بە شەهیدبوونی سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، شەهیدان (سەرمەند عەلی، دیار سەردار حەکیم و ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی چەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئاسایشدا گیانیان بەخت کرد.

لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزیان و هەموو هەڤاڵ و هاوسەنگەرەکانیان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و داواکارم خوای گەورە روحی ئەم شەهیدە سەربەرزانە بە بەهەشتی بەرین شاد بکات. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم.

هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە ناهێڵین خوێنی شەهیدانی چەسپاندنی یاسا بەفیڕۆ بچێت و تاوانباران رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.