دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی لالەزار بڵاوكردەوە
محەمەد رزگار
٢٢ی ئابی ٢٠٢٥
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی لەبارەی كۆنتڕۆڵكردنی لالەزار بڵاوكردەوە و دەڵێت: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەكانمان توانییان هۆتێلی لالەزار لە گەڕەكی سەرچناری سلێمانی كۆنتڕۆڵ بكەن و هەموو ئەو چەكدارانە دەستگیر بكەن كە روبەرووی هێزەكانمان بوونەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، لە روبەڕوونەوەیەکی چەکداریدا کە زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانییان توانییان ئوتێل لالەزار لەگەڕەکی سەرچناری سلێمانی کۆنتڕۆڵ بکەن و هەموو ئەو چەکدارانە دەستگیربکەن کە روبەڕووی هێزەکانیان بوونەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای ئەوەی لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە فەرمانی دەستگیرکردن بەمادەی (406) لەیاسای سزادانی عیراقی بۆ داواکراو لاهور جەنگی بورهان و ژمارەیەك داواکراوی دیکە دەرچوو، فەرمانەكە ئاڕاستەی هێزەکانییان كرا، بەڵام دوای هەوڵی زۆری هێزەکانییان بۆ خۆڕادەست بوونی داواکراوان بەیاسا و ئاگادارکردنەوەیان لەرێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ خودی داواکراوان و هەروەها لەرێگەی بڵندگۆوە بەناونیشانی (هەر کەس خۆی رادەست بکات ژیانی پارێزراو دەبێت، دڵنیاتان دەکەینەوە ژیانتان پارێزراوە) بەڵام بەهۆی پابەندنەبوون بە یاساوە و لەسەر زاری خۆیان رایانگەیاند؛ کە میلیشیای چەکداریان هەیە و روبەڕووی هێزی ئاسایش دەبنەوە کە هێزێکی رەسمی حکومەتی هەرێمە و بەئەرکی خۆیان هەڵدەستن، ئەوان دەستیانکرد بە تەقەکردن لەهێزەکانییان و روبەڕوویان بوونەوە بۆ ئەوەی رێگربن لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی لالەزار.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەموو لایەک دڵنیا دەکاتەوە کە ئەم پرۆسەیە پاڵپشت بە بڕیاری دادگا هەنگاوەکانی نراوون لەپێناو جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن کەلەلایەن دادوەر دەرچووێندراوە، تا هیچ تاقم و لادەرێک لە یاساوە نەبێت و ئاسایش و ئارامی پارێزراو بێت وەک هەمیشە.
ئاشکراشیکرد،، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانیان شوێنی مانەوەی تۆمەتباران و ناوچەکە لە لالەزار بەتەواوەتی لەتۆمەتبارانی دەرچوو لە یاسا و میلیشیا چەکدارەکانیان کە هەر شەوی رابردوو خۆیان رایانگەیاند، روبەڕووی هێزە رەسمەکانییان دەبنەوە، کۆنترۆڵ بکەن.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، بەداخەوە لەئەنجامی روبەڕووبونەوەکان سێ کارمەند لە هێزەئەمنییەکان شەهید بوون و (19) کارمەندی دیکەش بریندار بوون، وێڕای پرسەو وسەرەخۆشی و هاوخەمی قوڵمان لەهەمان کاتدا هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازن.
ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا رەوشی سلێمانی ئارام بووەتەوە و هاووڵاتییان بە ئاسایی لە شەقامەکان هاتووچۆدەکەن ودڵنیایی دەدەین کە؛ ئارامی سلێمانی هێڵی سورە و رێگە بە هیچ تاقم و میلیشیا و گروپێکی لەیاسا دەرچوو نادرێت کە ببێتە هۆکاری تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکەمان و تەواوی تۆمەتبارانی لالەزار بەپێی یاسا دەستگیرکران و روبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.