بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، حکومەتەکەی بەردەوام دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی غەززە "تەنانەت ئەگەر حەماس لە دوا ساتدا بە رێککەوتنی ئاگربەست رازی بێت."هاوکات جەختیشی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە کەرتی غەززە "لەسەر لێواری کۆتاییهاتنە." 

نەتەنیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ "سکای نیوزی ئوسترالی" وتی: "تەنانەت ئەگەر حەماس بە رێککەوتنەکە رازی بێت، ئیسرائیل غەززە کۆنترۆڵ دەکات،" بە ئامانجی "لەناوبردنی ئەوەی لە تێکدەران ماوەتەوە و بەدیهێنانی ئاسایش."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانجیان "ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و چەککردنی حەماسە،" و جەختی لەوە کردەوە کە "لەناوبردنی دوا مۆڵگەی بزووتنەوەکە پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی."

ناتانیاهۆ روونیکردەوە کە ئامانجی "داگیرکردنی غەززە نییە، بەڵکو پێدانی داهاتوویەکی جیاوازە بە غەززە و ئیسرائیل."

لەلایەکی دیکەوە، نەتەنیاهۆ ئاشکرایکرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، "بە تەواوی پشتگیری لە ئامانجی سەربازیی ئێمە دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە بە مەبەستی لەناوبردنی حەماس و ئێمە بە هەر شێوەیەک بێت ئەو کارە دەکەین."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە بانگهێشتی 60 هەزار سەربازی یەدەکی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانەکەی سەرەڕای سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتی. هاوکات، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی سەرەتایی کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە.

دانیشتووانی شاری غەززەش رایانگەیاندووە کە سوپای ئیسرائیل لە شەوی رابردوودا بەردەوام بووە لە بۆردومانکردنی چڕی شارەکە.