وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم رۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دیاریدەکات، وەزیری پەروەردەش دەڵێت: بۆ ئەمساڵی خوێندن جلوبەرگی خوێندکاران ناگۆڕێت.

ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا رۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاری نەکراوە، هەر کاتێک ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەی ئەنجامدا و ساڵنامەی خوێندن دانرا ئەو کاتە بڕیار لەسەر دیاریکردنی دەستپێکردنەوەی یەکەم رۆژی خوێندنی ساڵی نوێ دەدرێت.

سەبارەت بە گۆڕینی جلوبەرگی خوێندکاران، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەمساڵی خوێندن جلوبەرگی خوێندکاران هەمان جلوبەرگی ساڵی پار دەبێت. بەڵام بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 جلوبەرگی خوێندکاران دەگۆڕێت و بۆ ئەو کاتە دیزاین و رەنگەکەی بڵاودەکرێتەوە.

لە بارەی خانەنشینبوونی مامۆستایان و دروستبوونی گرفت بۆ ناوەندەکانی خوێندن، ئالان حەمەسەعید ئەوەی خستەڕوو، لیژنەی میلاکاتی وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی رێکخستنەوەی میلاکاتی مامۆستایانن، وتیشی، لە 1ـی 1ـی 2025ەوە تا ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار و 500 مامۆستا خانەشینبوون، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان سەرقاڵی رێکخستنەوەی میلاکاتی خۆیانن و بۆ ئەو بابەتە دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە.