لە حەلەب نزیکەی500 سەربازی سوپای سوریا ژەهراوی بوون
١٥ی ئابی ٢٠٢٥
بەهۆی ژەهراویبوونی بەکۆمەڵەوە، نزیکەی500 سەربازی سوپای سوریا لە رۆژئاوای پارێزگای حەلەب گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە. تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە و زۆربەی حاڵەتەکان لەژێر کۆنترۆڵدان.
بە گوێرەی زانیارییەکان، روداوەکە شەوی پێنجشەممە لە بارەگای "فیرقەی 64"ی سوپای سوریا لە ناوچەی دارەت عیزە رویداوە. سەربازەکان دوای خواردنی ژەمی ئێوارە تووشی نیشانەکانی ژەهراویبوون بوون کە بریتی بوون لە سکچوون، رشانەوە و بێهێزی.
دوابەدوای روداوەکە، نزیکەی 500 سەرباز کە نیشانەکانیان تێدا دەرکەوتبوو، بەپەلە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی "ئەلکەنانا" لە شاری دارەت عیزە.
وەزارەتی تەندروستیی سوریا لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی حەلەب بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی سەربازەکان. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لێکۆڵینەوە لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە دەستیپێکردووە بۆ زانینی هۆکاری روداوەکە.