ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر گرنگیی بەشداریی هەموو لایەنەکان لە پڕۆسەی ئاشتیدا کردەوە و داوای روونی لە کارەکانی "کۆمیسیۆنی ئاشتی"دا کرد.

دۆغان رایگەیاند، پێویستە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی ئاشتی بە شێوەیەکی پاک و روون بەڕێوەبچن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییەکی راستەقینەیان لە کۆبوونەوەکاندا هەبێت، تاوەکو پڕۆسەکە گشتگیر بێت و نوێنەرایەتیی هەمووانی تێدا بکرێت.

وتەبێژی دەمپارتی رەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردنی پێشوو لەگەڵ کێشەی کورد گرت و وتی: "تا ئەمڕۆ پێناسەی هەڵە بۆ کێشەی کورد کراوە و ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو هەڵانە راست بکرێنەوە و هەنگاوی جددی و باشتر بنرێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئایشەگوڵ دۆغان داوای لە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکان کرد کە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە هەستیارەدا بکەن.

لەکۆتاییدا، دۆغان نیگەرانیی خۆی دەربڕی و وتی: "بەداخەوە هێشتا هەندێک لێدوان و قسە دەکرێن کە هیچ سوودێکیان بۆ پڕۆسەکە نییە و زیانی پێدەگەیەنن."