هەر یەک لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا نەتەوەیەکگرتووەکانیان ئاگادارکردووەتەوە ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان، دووبارە سزاکان بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێننەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەو سێ وڵاتە ئاشکرایانکردووە، ئەگەر تا کۆتایی مانگی ئاب ئێران نەگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکان و بە شێوەی دیپلۆماسی درێژە بە گفتوگۆکان نەدات سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئامادەن میکانزمی سناپباک کارا بکەنەوە سزاکان بەسەر تاران بسەپێننەوە.

ئاشکراشیانکردووە، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیان ئاگادارکردووەتەوە، ئێران سێ هەفتە مۆڵەتی لەبەردەستدایە بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان.

میکانیزمی سناپباک رێگە بە سەپاندنەوەی ئۆتۆماتیکی شەش کۆمەڵە سزای نێودەوڵەتی دەدات کە بە پێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و گرووپی 5+1 لە هاوینی 2015  بە پلانی هەمەلایەنەی هاوبەشی کارکردن هەڵگیرابوون.