واشنتۆن وردەكارییەكانی دروستكردنی سیستمی گومەزی ئاڵتونی لە لایەن ئەمریكاوە راگەیاند و دەڵێت تێچوەكەی لە 175 ملیار دۆلار زیاتر دەبێت.

حكومەتی ئەمریكا وردەكارییەكانی پڕۆژەی دروستكردنی سیستەمی بەرگری مووشەكیی ناسراو بە گومەزی ئاڵتونی ئاشكرا كرد و رایگەیاند، كە ئەو گومەزە لە چوار چین پێكدێت، كە یەكێكیان لە بۆشایی ئاسمان و سێ چینی دیکەی لەسەر زەوییە.

هەروەها 11 پاتری مەودای كورت كە لە سەرانسەری وشكانی بڵاودەكرێتەوە بۆ پشتیوانیكردن لەو سیستمە كە زۆرینەیان لە ئەمریكا و ئەلاسكا و هاوایی دابەشدەكرێن.

ئاماژەی بەوەشكرد، تێچووی ئەو سیستمە دەگاتە 175 ملیار دۆلار، بەڵام تائێستا گومان لەسەر ژێرخانی پڕۆژەكە هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی زانیاری تایبەت لەسەر ژمارەی ئامێری هەڵگر و موشەكی رێگریكەر و وێستگەی زەمینی و شوێنی مووشەكی پێویست بۆ سیستمەكە، بەڵام كۆنگرێس تا ئێستا 25 ملیار دۆلاری بۆ دروستكردنی گومەزی ئاڵتونی تەرخان كردووە.

دروستكردنی سیستمەکە ئامانجی ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئێستای ئەمریكایە، كە بە نیازە تا ساڵی 2028 تەواوی بكات، بە ئامانجی پاراستنی وڵاتەكەی لە هەر هەڕەشەیەكی موشەكی ئەگەر لە بۆشایی ئاسممانیشەوە رەوانەی ئەو وڵاتە بكرێت.