ناتانیاهۆ: ئێران 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە
١٣ی ئابی ٢٠٢٥
سەرۆک وەزیرانی ئێسرائیل رایگەیاند، ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە بەڵام بەشی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆم ناكات و هەڕەشەی هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانیش دەكات.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی وڵاتەكەی رایگەیاند، هێرشەكانی جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئێران، پاشەكشێی گەورەی بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران كردوە بەڵام تا ئێستاش خاوەنی 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراون.
بە وتەی نەتانیاهۆ پێش هێرشەكان زانیویانە كە ناتوانن یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەی ئێران بە تەواوەتی لەناو ببەن بەڵام هەر بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەرنامە ئەتۆمییەكە چەند ساڵێك گەڕاوەتەوە بۆ دواوە.
لێپرسراوانی باڵای ئێران چەندجارێك ئاماژەیان بەوە كردوە، دوای هێرشەكەی ئەمریكا بۆسەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی وڵاتەكەیان چارەنوسی یۆرانیۆمە پیتێنراوەكان دیار نییە.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەشی كردوە، وڵاتەكەی ئامادەی هەر جۆرە كاردانەوەیەكە دژی هەنگاوەكانی ئێران بۆ دەستپێكردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم.