لەسەرەتای دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاوە دەیان هەزار پەنابەر گەشتونەتە ئەو وڵاتە
رەوەز فازیل
١٢ی ئابی ٢٠٢٥
لەسەرەتای دەست بەکاربوونی کیەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەیان هەزار کۆچبەر لە رێگەی ئاوی کەناڵی ئینگلیزیەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی رایگەیاند، لە سەرەتای دەستبەکار بوونی کیەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، 50 هەزار کۆچبەر بەبەکارهێنانی بەلەم، لە ئاوی کەناڵی ئینگلیزیەوە پەڕیونەتەوە، کە ئەوەش دەکاتە هەر 11 خولەک جارێک، کەسێک گەیشتووەتە کەناراوەکانی بەریتانیا.
ئاماژەی بەوەشکردەوە، تادێت رەخنەکان بۆ سەر کیەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا زیاتر دەبێت، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە وەک پێویست رێگری لە هاتنی شەپۆلی کۆچبەران بکات بۆ وڵاتەکەی، چونکە لەسەردەمی ئیدارەی ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا، شەپۆلی هاتنی کۆچبەران بەڕێژەیەکی کەمتربووە وەک لەوەی کە ئیستا هەیە.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردەوە، دوێنێ لە رێگەی هەشت بەلەمی بچوکەوە 474 پەنابەر گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا و پێشبینی هاتنی کۆچبەری زیاتریش دەکرێت بەهۆی زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی فەرەنسا.