میدیاکانی فەلەستین: رێککەوتنی ئاگربەست نزیکە
١٢ی ئابی ٢٠٢٥
میدیاکانی فەلەستین بڵاویانکردەوە، رێککەوتنی ئاگربەست نزیکە لەوانە راگرتنی لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە و هاتنە ناوەوەی سوپای میسر.
میدیا فەلەستینییەکان باس لەوەشدەکەن، رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بریتییە لە راگرتنی لەشکرکێشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە و هاتنە ناوەوەی هێزەکانی سوپای میسر لەگەڵ کشانەوەی ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە.
ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی تایبەت بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنێکی هەمەلایەنە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە رادەگەیەنێت، کە بریتییە لە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و هاتنە ناوەوەی سوپای عەرەبی.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ژمارەی ئەو وڵاتانەی ئەوروپا و جیهان تادێت لە زیادبووندایە کە پلانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە رەتدەکەنەوە و "بە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوی دەبەن.