ترەمپ بەهۆی ژنەکەیەوە هەندێک لە هەڵسوکەوتەکانی گۆڕاوە
محەمەد رزگار
١٠ی ئابی ٢٠٢٥
رۆژنامە جیهانییەکان ئاشرایانکردووە، مێلانیای هاوسەری ترەمپ کاریگەری لەسەر هەوڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا هەیە، بە تایبەت سەبارەت بە پرسی غەززە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردوەتەوە، لێپرسراوانی بەریتانیا پێیان وایە مێلانیا ترەمپ لە پشت گۆڕانی هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکاوەیە سەبارەت رەوشی غەززە، دوای ئەوەی رایگەیاند، کە فەلەستینییەکان لە غەززە لە برسێتیدان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کاریگەری مێلانیا لەسەر ترەمپ پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر هەیە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی خانمی یەکەمی ئەمریکایە، بە دەگمەنیش لەبەردەم خەڵک یان لە کۆشکی سپی دەردەکەوێت و زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ کوڕەکەی لە نیویۆرک بەسەر دەبات.
رۆژنامەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ هاوسەرەکەی بە "باشترین کەس بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا" وەسفکردووە، لە خولی دووهەمیشیدا، مێلانیا زیاتر کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانی هەبووە.
جێگەی ئاماژەیە، ترەمپ ستایشی مێلانیای کردووە، کە وای لێکردووە بیر لە هەڵوێستی خۆی بکاتەوە لەسەر پوتن سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین و رایگەیاندووە "دەچمە ماڵەوە و بە خانمی یەکەم دەڵێم ئەمڕۆ لەگەڵ ڤلادیمێر قسەم کرد، گفتوگۆیەکی نایابمان کرد". ئەو دەڵێت، 'بەڕاستی؟ شارێکی دیکە تازە بۆردومان کراوە.
لە ماوەکانی رابردوودا، کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا کە ئایا مێلانیا کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و بڕیارەکانی هەبووە، سەرۆکی ئەمریکا وتویەتی: مێلانیا زۆر زیرەکە، زۆر بێلایەنە، دەیەوێت خەڵک لە مردن رزگار بکات و توندوتیژی کۆتایی پێبهێنێت.
هاوکات مێلانیا ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی فۆکس ئەند فرێندز رایگەیاندووە: "رەنگە هەندێک کەس من تەنها بە هاوسەری سەرۆکی ئەمریکا بزانن، بەڵام کەسێکی سەربەخۆم و بیرۆکەی خۆمم هەیە، بۆچوونی خۆمم هەیە، هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا نیم کە هاوسەرەکەم چی دەڵێت یان دەیکات، ئەگەر کارێکی باش بێت یاخود نا"
هاوسەرەکەی ترەمپ وتشییەتی، "من ئامۆژگاری هاوسەرەکەم دەکەم، هەندێکجار گوێ دەگرێت و هەندێکجاریش نایگرێت، ئەوەش شتێکی باشە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، هەڵوێستەکانی سەبارەت بە رەوشی غەززە گۆڕا و دانی بە برسێتیی لەو کەرتەدا ناو داوایکرد بە زووترین کات هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەندرێتە خەڵکەکەی، دوا بەدوای ئەوەش هەڵوێستەکانی ترەمپ سەبارەت بە شەڕی ئۆکراین گۆڕاو و چەند جارێک جەختی کردووە دەبێت کۆتایی بەو جەنگە بهێندرێت.