لە درێژەی کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی، قوباد تاڵەبانی بانگەوازی بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتوگوزار و سێکتەرە جیاوازەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەرفەتەکان بگۆڕدرێن بۆ سەرکەوتن و پێشخستنی گشت ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
لە ڕۆژی دووەمی کۆڕبەندی ئابوری نێودەوڵەتی دێڵفی لە شاری سلێمانی، قوباد تاڵەبانی جەختی لە گرنگیی بەستنی ئەم کۆڕبەندە بۆ ناوچەکە کردەوە و رایگەیاند: گفتوگۆکانی ئێرە تەنها قسە نین و بە ئامانجی ئەوەن کە لە داهاتوودا بەرجەستە ببن.
قوباد تاڵەبانی لە وتارەکەیدا تیشکی خستەسەر ئاڵنگارییە ئابورییەکان و ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هەرێمی کوردستان بە تەنها پشت بە داهاتی نەوت نەبەستێت، بەڵکو دەبێت کار بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بکات، لەو چوارچێوەیەشدا، جەختی لەسەر گرنگیی وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا کردەوە، بەتایبەت کەرتی گەشتوگوزار کە سلێمانی پێگەیەکی تایبەتی بۆ کولتوور و هونەر هەیە.
سەبارەت بە بەشداریی کۆمەڵایەتی، قوباد تاڵەبانی پێداگریکرد لەسەر ئەوەی دەبێت ژنان بەشێکی سەرەکی بن لە پرۆسەی کارکردن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتن تەنها لە پایتەختەوە نابێت، بەڵکو پێویستە هەموو ناوچەکان بە یەکسانی گرنگییان پێ بدرێت.
لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێم و عیراق، قوباد تاڵەبانی ئەوەی خستەڕوو، سەرکەوتنی کوردستان و عیراق هاوتەریب و پەیوەستن بەیەکەوە، بۆیە پێویستە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر بنەمای سەرکەوتنی هاوبەش بێت.
ئاماژەی بەوەشدا، عیراق پێویستی بە ململانێ نییە و تێچووی بەردەوامیی ئەو ململانێیانە زیان بە خەڵکی عیراق دەگەیەنێت، بۆیە دەبێت دەرفەت بدەین بە ئاشتی و سەقامگیری، حکومەتی نوێی عیراقیش دەرفەتێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی نوێ.
قوباد تاڵەبانی لە کۆتایی وتارەکەیدا بەڵێنیدا، بە کردەوە کار بۆ گۆڕینی دەرفەتەکان بۆ سەرکەوتن دەکەن و ئاشکرایکرد، ئێمە تەماشاکار نابین، بەڵکو کار بۆ هاوسەنگی لە عیراق و داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلەکەمان دەکەین، چونکە سەرکەوتن تەنها گەشەکردن نییە، بەڵکو بەردەوامییە.