ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، گرنگی بە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا نادات و هۆشداری دەدات کە هەر رێککەوتنێکی ئاشتی بەبێ بەشداریی کیێڤ، "چارەسەرێکی مردووە."

لە راگەیەندراوەکەدا کە لە تێلیگرام بڵاویکردووەتەوە، زێلێنسکی رایگەیاندووە، یەکپارچەیی خاکی ئۆکراین، کە لە دەستووردا جێگیرکراوە، نابێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و جەختی لەوەشکردەوە کە ئاشتییەکی بەردەوام دەبێت دەنگی ئۆکراین لەسەر مێزی گفتوگۆکان لەخۆبگرێت. زێلێنسکی وتی: "ئۆکراین هیچ خەڵاتێک نادات بە روسیا بۆ ئەوەی کە کردوویەتی" و "ئۆکراینیەکان خاکەکەیان نادەنە داگیرکەر."

سەبارەت بە نیگەرانییەکانی کیێڤ لەوەی کە کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆی نێوان ترەمپ و پوتین ببێتە هۆی پەراوێزخستنی بەرژەوەندییەکانی ئۆکراین و ئەوروپا، زێلێنسکی وتی: "هەر بڕیارێک کە بەبێ ئۆکراین بدرێت، لە هەمان کاتدا بڕیارێکە دژی ئاشتی. ئەوانە هیچ شتێک ناهێننە ئاراوە. ئەمانە بڕیاری مردوون و هەرگیز کار ناکەن."

بڕیارە ترەمپ و پوتین رۆژی هەینی،15ـی مانگ، لە ویلایەتی ئەلاسکا کۆببنەوە، کۆبوونەوەیەک کە وەک دەرفەتێک بۆ پێشکەوتنی گەورە چاوی لێدەکرێت. بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە "سی بی ئێس نیوز"ی ڕاگەیاندووە کە پلانی کۆبوونەوەکە هێشتا نەرمیی تێدایە و ئەگەری هەیە زێلێنسکیش بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشدار بێت. دوو سەرچاوەش ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ ئامادەیە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ زێلێنسکی و پوتین ئەنجام بدات، بەڵام لە ئێستادا کۆبوونەوەکە دووقۆڵییە، کە ئەمەش لەسەر داوای پوتین بووە.

لەکاردانەوەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەدا، چەندین سەرکردەی ئەوروپی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و رایانگەیاند: "دڵنیاین کە تەنها رێبازێک سەرکەوتوو دەبێت کە دیپلۆماسییەتی چالاک، پشتیوانی بۆ ئۆکراین و فشارخستنە سەر رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕە نایاساییەکەی تێکەڵ بکات."

لە راگەیەندراوێکدا، کە لەلایەن ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، جیۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا، دۆناڵد توسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا و ئەلێکساندەر ستەب، سەرۆکی فینلاندەوە دەرچووە، هاتووە: "ئۆکراین ئازادی هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆی هەیە. گفتوگۆی مانادار تەنها لە چوارچێوەی ئاگربەست یان کەمکردنەوەی دوژمنکارییەکاندا دەکرێت. ڕێگای ئاشتی لە ئۆکراین بەبێ ئۆکراین بڕیاری لەسەر نادرێت."

پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو کە ئامادەیە لەگەڵ هاوتا روسی و ئۆکراینییەکەیدا کۆببێتەوە، بەڵام رۆژی هەینی ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە تەنها بە کۆبوونەوە لەگەڵ پوتین دەستپێبکات. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە هەر رێککەوتنێک "ئەگەری گۆڕینەوەی هەندێک ناوچە"ی لەخۆدەگرێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستەڕوو.

هاوکات، "سی بی ئێس نیوز" بڵاویکردەوە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی شەممە لە بەریتانیا لەگەڵ راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی ئەوروپا کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جەنگی روسیا و ئۆکراین.