ئەمریکا.. لە رووداوێکی تەقەکردندا لە بالتیمۆر شەش کەس برینداربوون
راهۆز
١٠ی ئابی ٢٠٢٥
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی "سی بی ئێس"ی ئەمریکی، لە ئەنجامی رووداوێکی تەقەکردنی هەڕەمەکی لە شاری بالتیمۆر لە ویلایەتی میریلاند، شەش کەس برینداربوون کە یەکێکیان برینەکەی سەختە و یەکێکی دیکەشیان منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵانە.
ریچارد وۆرلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی بالتیمۆر رایگەیاند: "پۆلیس لێکۆڵینەوە لە رووداوێکی تەقەکردنی بەکۆمەڵ دەکات لە ناوچەی پارک هایتس لە بالتیمۆر. لە رووداوەکەدا شەش کەس برینداربوون، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵانە".
وۆرلی ئەوەشی پشتڕاستکردەوە کە منداڵە پێنج ساڵانەکە فیشەکێک بەر قۆڵی کەوتووە و برینەکەی مەترسیدار نییە، بەڵام پیاوێکی دیکە لەنێو بریندارەکاندا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ناسنامە و هۆکاری تەقەکەرەکە بڵاونەکراوەتەوە.
رووداوەکانی تەقەکردنی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بە شێوەیەکی رۆژانە دووبارە دەبنەوە. بۆ نموونە، رۆژی شەممەی رابردوو، ناوچەی تایمز سکوێری بەناوبانگترین شوێنی گەشتیاری لە شاری نیویۆرک، رووداوێکی تەقەکردنی بەخۆیەوە بینی کە بووە هۆی برینداربوونی سێ کەس.