پێنج وڵاتی ئەوروپی پلانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە شەرمەزار دەکەن؛ سبەینێ ئەنجومەنی ئاسایش کۆدەبێتەوە
٩ی ئابی ٢٠٢٥
وەزیرانی دەرەوەی ئوسترالیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، نیوزلەندا و بەریتانیا بە توندی ئیدانەی بڕیارەکەی کابینەی ئاسایشی ئیسرائیلیان کرد بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ و بەرفراوان لە غەززە.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، وەزیرەکان جەختیان لەوە کردەوە، "ئەو پلانانەی کە حکومەتی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە"، بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز.
کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل پلانی دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززەی پەسەند کرد و ئەم هەنگاوەش رەخنەی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەدوای خۆیدا هێناوە، لە کاتێکدا نیگەرانییەکان سەبارەت بەو شەڕە نزیکەی دوو ساڵە زیاد دەکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان: بڕیارەکەی ئیسرائیل لەسەر غەززە هەڵکشانێکی مەترسیدارە
لەلایەکی دیکەوە، سێ سەرچاوەی دیپلۆماسی بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆببێتەوە و پلانی ئیسرائیل بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززە تاوتوێ بکات، سەرەتا بڕیار بوو کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ شەممە ئەنجام بدرێت بەڵام بۆ سبەینێ دواخرا.
کۆبوونەوەکە بڕیارە سەعات ١٠ی بەیانی (2:00ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوەندی ئەمریکا) بەڕێوەبچێت.