لەدوای فرۆشتنی خاکەکەی؛ پوتن دەبێتە یەکەمین سەرکردەی روسیا کە سەردانی ئالاسکا بکات
٩ی ئابی ٢٠٢٥
بڕیارە گەشتی داهاتووی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا بۆ ئالاسکا یەکەم سەردان بێت لە مێژوودا، بەوپێیەی تا ئێستا هیچ سەرکردەیەکی روسیا سەردانی ئەو ویلایەتەی نەکردووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی 15ی ئاب لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن هاوتا روسیەکەی لە ئالاسکا کۆدەبێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری لەبارەی کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە ئۆکرانیا دێت.
روسیای قەیسەری لە ساڵی 1867 ئالاسکای بە ئەمریکا فرۆشت بە بڕی زیاتر لە 7 ملیۆن دۆلار و لە 3ی یەنایەری 1959 بە فەرمی وەک ویلایەتێک ناسێندرا و لە ریزبەندی 49هەمینی ویلایەتەکانی ئەو کاتەدا بوو.
ئالاسکا لە تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جیاکراوەتەوە، دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای کەنەدا و بەهۆی گەرووی بێرینگەوە لە فیدراسیۆنی روسیا جیاکراوەتەوە.
لە سەردەمی سۆڤیەتدا، نیکیتا خرۆشۆف، ئەلێکسی کۆسیگین و لیۆنید برێژنێڤ سەردانی ئەمریکایان کردووە، میخائیل گۆرباچۆڤ سێ جار و بۆریس یێڵتسین پێنج جار سەردانی ئەمریکایان کردووە.