تیک تۆک ملیۆنان ڤیدیۆی نەشیاوی وڵاتانی عەرەبی دەسڕێتەوە؛ کێن و هۆکارەکان چین؟
٨ی ئابی ٢٠٢٥
تیک تۆک لە راپۆرتێکیدا رایگەیاندووە، لەچارەکی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 16 ملیۆن 500 هەزار ڤیدیۆی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا سڕیوەتەوە.
دەشڵێت، ئەم کارەیان بە ئامانجی پەروەردەکردنی ژینگەیەکی دیجیتاڵی سەلامەت دێت و وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی توندی میانڕەوکردنی ناوەڕۆک ئەنجامدراوە.
هەر لەراپۆرتەکەدا وڵاتی عیراق لە پێشەنگی لیستی وڵاتانی عەرەبی دێت کە زیاتر لە 10 ملیۆن ڤیدیۆی تێدا سڕدراوەتەوە، لەپلەی دووەمیشدا جەزائیر دێت بە سڕینەوەی زیاتر لە 7 ملیۆن 200 هەزار ڤیدیۆ.
پلەکانی دواتر بەمشێوەیەن، میسر 2 ملیۆن و 900 هەزار ڤیدیۆ، لوبنان 1 ملیۆن و 350 هەزار ڤیدیۆ، مەغریب زیاتر لە 1 ملیۆن ڤیدیۆ، سڕینەوەی ڤیدیۆکانی تیک تۆک وڵاتی ئیماراتیشی گرتووەتەوە بەسڕینەوەی هەزاران ڤیدیۆ.
سەبارەت بە سڕینەوەی ڤیدیۆکانی پەخشی راستەوخۆی تیک تۆک، زیاتر لە 19 ملیۆن پەخشی راستەوخۆی تێدابووە لەسەرانسەری جیهاندا، بەجۆرێک 1 ملیۆن و 500 هەزار تەنها لە وڵاتانی عەرەبیدا بوون.
تیک تۆک بەردەوام بانگەشەی سڕینەوەی ئەو بابەتانە دەکات کە ئاماژەن بۆ توندوتیژی و بەکارهێنانی چەک و بڵاوکردنەوەی فیکری توندرەویی و هەراسانکردنی سێکسی و پەروەردەی خراپ کە کاریگەریی بکاتە سەر کۆمەڵگا جیاوازەکان بەتایبەت چینی هەرزەکار و تەمەنی خوار 16 ساڵ.