هیندستان پلانەکانی بۆ کڕینی چەک و فڕۆکەی نوێی ئەمریکی هەڵپەسارد، هەنگاوەکەش رەنگدانەوەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە بەرامبەر بەو باجانەی کە بەسەر هەناردەکردنی وڵاتەکەدا سەپاندوویەتی، بەمەش پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی دەیان ساڵدا دابەزیوە.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی هیندستانەوە رایگەیاندووە، راجنات سینگ وەزیری بەرگری هیندستان پلانی هەبووە لە چەند هەفتەی داهاتوودا گەشت بۆ واشنتۆن بکات بۆ راگەیاندنی رێککەوتنی نوێی چەک، بەڵام گەشتەکە هەڵوەشاوەتەوە.

لە 6ی ئابدا ترەمپ بەرێژەی 25٪ باجی لەسەر هاوردەکردنی هیندستان سەپاند ئەمەش وەک سزادانی نیودەلهی لەبەرامبەر کڕینی نەوتی روسیا، بەمەش باج لەسەر هەناردەکردن بۆ ئەمریکا گەیشتە 50%، ئەمەش یەکێکە لە بەرزترین رێژەکان کە بەسەر هەر هاوبەشێکی بازرگانی واشنتۆندا سەپێندراوە.

بەپێی وتەی بەرپرسان، گفتوگۆکان سەبارەت بە کڕینی ئۆتۆمبێلی شەڕکەری سترایکەر لە کۆمپانیای جەنەراڵ داینامیکس، موشەکی دژە تانکی جاڤلین کە لەلایەن کۆمپانیای رەیتیۆن و لۆکهید مارتن پەرەی پێدراوە و شەش فڕۆکەی سیخوڕی بۆینگ P-8I بوون کە بەهاکەیان دەگاتە نزیکەی 3.6 ملیار دۆلار.