ترەمپ: لە سەرژمێرییە نوێیەكەی ئەمریكادا كۆچبەرانی نایاسایی تۆمار ناكرێن
٨ی ئابی ٢٠٢٥
ترەمپ دەیەوێت بەمزووانە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ئەمریكا بكرێت و هۆشداریشی داوە نابێت ناوی كۆچبەران تۆمار بكرێن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەدوای دووبارە دەستبەكاربوونەوەی، سیاسەتەكانی بەرامبەر كۆچبەرانی نایاسایی توندتر كردووە و دەیەوێت لە رێگای سەرژمێرییەوە چوونە ناوەوەی كۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئەمریكا كۆنترۆڵ بكات و راشیگەیاندووە، وەك هەنگاوی یەكەم بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ئەمریكا، وەزارەتی بازرگانی وڵاتەكەی راسپاردووە ئامادەكاری بكات.
وتیشی، لە سەرژمێرییە نوێیەكەی ئەمریكادا ئەو كەسانەی بە شێوەیەكی نایاسایی لەو وڵاتەكەی دەژین، نابێت تۆمار بكرێن.
بەشێوەیەكی ئاسایی سەرژمێریی دانیشتووان لە ئەمریكا 10 ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت، بەو پێیەش دەبوو ساڵی 2030 سەرژمێریی ئەنجام بدرایە، بەڵام پێشخستنی وادەكەی، بە هەنگاوێكی تری كۆنترۆڵكردنی كۆچبەرانی نایاسایی لەلایەن ئەمریكاوە دادەنرێت.