ئەمریكا خەڵاتێكی بە بڕی 50 ملیۆن دۆلار داناوە بۆ هەركەسێك زانیارییان لەبارەی سەرۆكی فەنزوێلا پێ بدات.

بام بۆندی وەزیری دادی ئەمریكا رایگەیاند، 50 ملیۆن دۆلار وەك خەڵات دەدەنە هەر كەسێك زانیارییان لەبارەی نیكۆلاس مادورۆ سەرۆكی فەنزوێلا پێبدات، دەشڵێت، مادورۆ هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا و پشتیوانی گروپە تیرۆستییەكان دەكات.

وەزیری دادی ئەمریكا، نیكۆلاس مادورۆی وەك گەورەترین بازرگانی ماددەی هۆشبەر ناو هێناوە و دەڵێت، "دەبێت لەسەر تاوانەكانی سزا بدرێت".

بەپێی دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی دادی ئەمریكا، واشنتۆن دەستی بەسەر زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار لە سەروەت و سامانی مادورۆدا گرتووە، لەناویشیاندا دوو فڕۆكە و نۆ ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر.

فەنزوێلا وڵاتێكە دەكەوێتە ئەمریكای باشور و هاوسنورە لەگەڵ دەریای كاریبی و باكوری زەریای ئەتڵەسی، چەندین ساڵە لەگەڵ ئەمریكا ناكۆكییان هەیە بەتایبەتیش لەگەڵ نیكۆلاس مادورۆ كە ئێستا لە سێیەم خولی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەیدایە و ئەمریكا دەیەوێت دەستگیری بكات.