ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا ئامادەکاری دەکەن  بۆ هاوکاریکردنی سوپای ئۆکراین لە رێگەی پێشکەشکردنی سەدان ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی لە ئەمریکا.

پاوڵ جۆنسن وەزیری بەرگری سوید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بڕی 275 ملیۆن دۆلار دابین دەکات بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی لە ئەمریکا پاشانیش وەک هاوکاری پێشکەشی ئۆکراینی دەکات.

راشیگەیاند، بەهاوبەشی لەگەڵ نەرویج و دانیمارک نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار خەرج دەکەن بۆ هاوکاریکردنی سوپای ئۆکراین و دابینکردنی پێویستیەکانی .

ئەوەش لە کاتێکدایە وەزیری بەرگری هۆڵندا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی بڕی 500 ملیۆن یۆرۆ دەبەخشێت بە ئۆکراین بۆ کڕینی ئەو کەرەستە سەربازیانەی کە بۆ سوپای ئۆکراین پێویستە.

لەو بارەیەوە کونسوڵخانەی روسیا لە هۆڵندا رایگەیاند، بڕیارەکەی هۆڵەندا بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی بۆ سوپای ئۆکراین دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی ماوەی جەنگ، هەروەها دەبێتە هۆی بارگرانی بۆ هاووڵاتیان بە پێدانی باجی زیاتر بە حکومەت.