ئیبراهیم عەزیزی سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "وەفدێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانی ئێران بکات، تەنها دەسەڵاتی ئەوەی هەیە گفتوگۆ و راوێژکاری تەکنیکی لەگەڵ بەرپرسان و پسپۆڕانی وڵاتەکەی ئەنجام بدات".

وتیشی، بەپێی ئەو یاسایانەی ئەنجومەنی شورای ئێران پەسەندی کردوون لە هیچ هەلومەرجێکدا رێگە بە هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی نادرێت دەستی بگات بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

عەزیزی بۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، دەنگۆی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران رەتکردەوە و دەڵێت، "ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر دراوە، چوونە ژوورەوەی هەر وەفد و قەوارەیەکی بیانی بۆ ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکان بەتەواوی قەدەغە دەکات".

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی جەختی لەوەشکردەوە، "ئەم سنووردارکردنانە جێگیرن و ناگۆڕدرێن".