زێلێنسکی: شەڕ لەگەڵ چەکدارانی چین و پاکستان و ئەفریقا دەکەین
٤ی ئابی ٢٠٢٥
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە شەڕ لەگەڵ چەکدارانی بیانی وڵاتانی جۆراوجۆر دەکەن وەکو چین، پاکستان و گەلانی ئەفریقا.
زێلێنسکی ئەمڕۆ لە سەر پلاتفۆرمی ئێکس دوای سەردانی ناوچەیەکی هێڵی پێشەوە لە خارکیڤ، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی وتی، سەربازەکانمان باس لە بەشداریکردنی چەکدارانی چین، تاجیکستان، ئۆزبەکستان، پاکستان و وڵاتانی ئەفریقا دەکەن لە شەڕەکەدا.
زێلێنسکی پێشتر روسیای بە دامەزراندنی چەکدارانی چینی بۆ شەڕی دژی ئۆکرانیا تۆمەتبار کردبوو، باسی لەوەشکردبوو کۆریای باکور هەزاران سەربازی بۆ ناوچەی کورسکی روسیا رەوانە کردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە تا ئێستا ئەو وڵاتانە هیچ لێدوانێکیان لەسەر تۆمەتەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا نەداوە.