بەهۆی مەترسی دروستبوونی لافاوەوە دەیان هەزار کەس لە دانیشتوانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی پەکین لە چین گواستراونەتەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.

میدیاکانی چین رایانگەیاند، لێپرسراوانی هەرێمی پەکینی پایتەختی چین 70 هەزار کەسیان لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی مەترسی دروست بوونی لافاویان لەسەرە گواستووەتەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە کە مەترسی لافاویان لەسەر نیە.

شارەزایانی کەشوهەوا لە چین ئاشکرایانکرد، پێشبینی دەکرێت سبەینی سێشەمە لەماوەی تەنها شەش کاتژمێردا 200 ملیمەتر باران ببارێت کە ئەوەش مەترسیەکانی دروستبوونی لافاو زیاد دەکات لە ناوچەکانی پەکینی پایتەخت، کە تێکڕای ساڵانەی رێژەی باران بارین لەو هەرێمە 600 ملیمەترە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو بەهۆی باران بارینی زۆر بۆ ماوەی چەندین رۆژ و دروستبوونی لافاوەوە لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی پەکینی پایتەختی چین 44 کەس گیانیان لەدەستدا و  لانیکەم 15 کەسیش بێسەروشوێن بوون .