سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئامادەیی دەربڕی بەمەرجی بەدەمەوەچوونی بارمتەكانی دەستی حەماس لەلایەن خاچی سوورەوە، رێڕەوی مرۆیی بۆ غەززە بكاتەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ جۆلیان لاریسۆن، سەرۆكی خاچی سووری نێودەوڵەتیی لە ئیسرائیل و فەڵەستین قسەی كردووە و داوای لێ كردووە بەپەلە فریای ئەو بارمتانە بكەوێت كە ئێستا لە دەستی حەماسدان، چونكە خەریكە بەهۆی برسییەتی و نەخۆشییەوە لەناو زیندانی تونێلەكان گیان لەدەست بدەن، لەبەرانبەر ئەوەشدا رێڕەوی مرۆیی بۆ غەززە دەكاتەوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی سێ ڤیدیۆیان بڵاوكردەوە كە تیایاندا هەردوو بارمتەی ئیسرائیل ( رۆم براسلافسكی و ئیفیاتار داڤید) لە رەوشێكی زۆر خراپدا دەردەكەون.

خاچی سووریش لە ئێكس بڵاویكردووەتەوە، بە بینینی ئەو گرتانە نیگەران بوون و داوا دەكەن ئەم رەوشە كارەساتبارە دەستبەجێ كۆتایی بێت.